Intro
Kurdisk • کردی

گولجان ئۆزلاپ

مامۆستا له‌ قوتابخانه‌ی فیه‌لل له‌ دراممن

به‌ بیروبۆچوونی تۆ ئه‌و بیانىیه‌ نوێیانه‌ی که‌ هاتوون بۆ نه‌رویج، چىیان بۆ گرنگه‌ بیزانن له‌سه‌ر خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ نه‌رویج؟

گرنگه‌ که‌ له‌سه‌ر شته‌ پراکتیکىیه‌کان که‌ په‌یوه‌ندىیان به‌ خوێندنه‌وه‌ هه‌یه‌ بزانن. ئه‌وه‌ش گرنگه‌ که‌ بۆ نمونه‌ بزانن مناڵان له‌ قوتابخانه‌ خواردنیان پێ بێت، و ئیمکانی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ که‌ له‌ قوتابخانه‌ شیر و میوه‌ بکڕن. وه‌ مناڵانی نه‌رویجی له‌ قوتابخانه‌ جلی ره‌سمی (یونیفۆرم) یان له‌به‌ردا نىیه‌. وه‌ ئه‌وه‌ش بزانن که‌ چۆن مناڵه‌کانیان له‌ ده‌سپێکردنی قوتابخانه‌دا تۆمار ئه‌که‌ن.

هه‌رووها گرنگه‌ که‌ دایکان و باوکان هه‌م له‌ سیستمی قوتابخانه‌ له‌ نه‌رویج شاره‌زا بن و چاوه‌ڕوانىیه‌کانی قوتابخانه‌ بزانن. قوتابخانه‌ی نه‌رویجی ئه‌شێت جیاوازی هه‌بێت له‌وه‌ی که‌ خۆیان پێی ڕاهاتوون. له‌به‌رئه‌وه‌ گرنگه‌ دایکان و باوکان خۆیان له‌گه‌ڵ ئامانج و شێوازی قوتابخانه‌دا بگونجێنن.

قوتابخانه‌ چ چاوه‌ڕوانىیه‌کی له‌ دایکان و باوکان هه‌یه‌؟

پێش هه‌ر شتێک، گرنگه‌ دایکان و باوکان دڵخۆش بن به‌ چوونی مناڵه‌کانیان بۆ قوتابخانه‌. که‌ مناڵان له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی نمره‌ وه‌رناگرن و ناشبێت دووجار بچن بۆ یه‌ک پۆل، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێک دایک و باوکان وا بیر بکه‌نه‌وه‌ که‌ زیره‌کی مناڵ له‌ قوتابخانه‌ هیچ گرنگىیه‌کی نىیه‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ کاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر مناڵه‌که‌ هه‌بێت، دایک و باوکان ئه‌بێ نیشانی مناڵه‌کانیان بده‌ن که‌ قوتابخانه‌ گرنگه‌!

دایک و باوکان ئه‌بێ له‌ ئه‌نجامدانی وانه‌ی مناڵ ئاگادار بن. دایک و باوکان ئه‌شتوانن له‌ خوێندنی وانه‌کانی مناڵان گوێ ڕابگرن هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ هه‌موو شتێک که‌ ئه‌خوێندرێته‌وه‌ تێ نه‌گه‌ن. دایک و باوکان هه‌روه‌ها له‌وه‌ش به‌رپرسیارن که‌ مناڵه‌کانیان پێش ڕۆیشتنیان بۆ قوتابخانه‌ تێر خه‌و بن و ئیسراحه‌تیان کردبێت.

هاوکاری له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌دا گرنگه‌. چاوه‌ڕوانی قوتابخانه‌ له‌ دایکان و باوکان ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ کاتی کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ مناڵه‌کانیاندا ئاماده‌ بن. به‌ڵام قوتابخانه‌ چاوه‌ڕوانی زیاتریشی هه‌یه‌. دایکان و باوکان ئه‌شبێ خۆیان ته‌رخان بکه‌ن بۆ ژینگه‌ی پۆلی قوتابیان و دانیشتنه‌کانی دایک و باوکانی قوتابیانی ئه‌م پۆله‌. هه‌روه‌ها ئه‌توانن به‌شداربن له‌ باشتربوونی قوتابخانه‌دا و به‌شداربن له‌ کۆمیته‌ی کاروباری دایک و باوکانی قوتابیاندا، تا به‌م جۆره‌ له‌وه‌ دڵنیا بن که‌ مناڵه‌که‌ دڵخۆشه‌ به‌ قوتابخانه‌. دایکان و باوکان ئه‌بێ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش بۆ مناڵانیان بڕه‌خسێنن که‌ په‌یوه‌ندی بکه‌ن له‌گه‌ڵ مناڵه‌ نه‌رویجى زمانه‌کان. توانایی مناڵ له‌ بواری زمانی نه‌رویجیدا ئه‌بێ بجووڵینرێت. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت که‌ دایکان و باوکان ئه‌بێ زمانه‌که‌ی خۆیان بخه‌نه‌ لاوه‌. دایکان و باوکان باشتره‌ که‌ به‌ زمانی خۆیان له‌گه‌ڵ مناڵه‌کانیان قسه‌ بکه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌ستیان کرد ئه‌وه‌ سورشتیتره‌. وا باشه‌ که‌ چیرۆک، سه‌رگوزشته‌ و یاساکانی کولتوره‌که‌ی خۆیانیان بۆ بگێڕنه‌وه‌، دروست وه‌ک چۆن له‌ ووڵاته‌که‌ی خۆیان ئه‌یانکرد. گرنگیشه‌ که‌ دایکان و باوکان وه‌کو که‌سانی گه‌وره‌ساڵی به‌ توانا به‌رامبه‌ر مناڵانیان ده‌ربکه‌ون. له‌زۆر حاڵه‌تدا ئه‌مه‌ وا باشتر ئه‌که‌ن له‌ ڕێگای زمانه‌که‌ی خۆیانه‌وه‌ 'خودی خۆیان بن'. ئه‌و مناڵه‌ی که‌ له‌ زمانی دایکدا زیره‌ک بێت، زمانی نه‌رویجیش باشتر فێر ئه‌بێت.

دایکان و باوکان چ چاوه‌ڕوانىیه‌کیان له‌ قوتابخانه‌ هه‌یه‌؟

ئه‌وان چاوه‌ڕوانیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ زانیاری باشتر وه‌ربگرن. زۆر له‌ دایک و باوکانی بیانی چاوه‌ڕوانىیان له‌ قوتابخانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ قوتابخانه‌ی کۆنی خۆیان بهێنێته‌وه‌ یاد. وا چاوه‌ڕوان ئه‌که‌ن که‌ مامۆستا دیسپلینی له‌ پۆلدا هه‌بێت و زانیاری ببه‌خشێت. ئه‌وانن ڕه‌نگه‌ به‌ ئاسانی له‌ قوتابخانه‌ی نه‌رویجی بێ ئومێد بن. زۆریان وا هه‌ست ئه‌که‌ن که‌ قوتابخانه‌ بێ سنوور و که‌م جددىیه‌. له‌وانه‌یه‌ نه‌زانن که‌ ئامانجی قوتابخانه‌ په‌روه‌رده‌کردنی مناڵانه‌ وه‌ک تاکه‌ که‌سی سه‌ربه‌خۆ که‌ بیروبۆچوونی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌، و فێری ئه‌وه‌ بن چۆن خۆیان بدۆزنه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای پێشکه‌وتوودا.

ئایا هه‌ستت به‌ به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن کردووه‌؟

به‌شێک له‌ دایکان و باوکان تێ ناگه‌ن که‌ وانه‌ ووتنه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌ش هه‌روه‌ک هی ناو پۆل گرنگه‌. هه‌ندێک له‌ دایکان و باوکان وا بیر ئه‌که‌نه‌وه‌ که‌ مناڵان باشتره‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بن کاتێک پۆله‌که‌یان ئه‌ڕوات بۆ گه‌شتێکی ناو دارستان. ئه‌مه‌ به‌هه‌ڵه‌تێگه‌یشتنێکی گه‌وره‌یه‌. ئاسانتره‌ که‌ دارێک له‌ ده‌ره‌وه‌ ببینێت و لێوه‌ی فێر ببێت وه‌ک له‌وه‌ی له‌ په‌ڕتوکه‌که‌دا له‌سه‌ری بخوێنێت.

چ ئاره‌زوویه‌کی هه‌یه‌ بۆ ئاینده‌؟

من هیوام وایه‌ دایک و باوکان و قوتابخانه‌ تێگه‌یشتنێکی دوو لایه‌نه‌یان بۆ بارودۆخ و ڕۆڵی یه‌کتر هه‌بێت. من هیوادارم هه‌روه‌ها هه‌ردوولا به‌ باشترین شێوه‌ به‌های هاوبه‌شیان هه‌بێت به‌جۆرێک که‌ بیانبات به‌ره‌و مه‌به‌ست. ئه‌مه‌یان ئه‌بێ به‌ باشترین یارمه‌تیده‌ر بۆ مناڵان.

Ansvarlig for disse sidene J.W. Cappelens Forlag AS. Læremidlet er utviklet med støtte fra Utdanningsdirektoratet. Tilbakemeldinger: intro@cappelen.no